سەردانی سێ ڕۆژەی شی جینپینگ، سەرۆکی چین بۆ میسر — کە هاوکات بوو لەگەڵ یادی حەفتایەمین ساڵوەگەڕی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات و یەکەم سەردانی بوو بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا — جارێکی تر تیشکی خستەوە سەر ئەو هاوسەنگییە سیاسییە دژوارەی کە قاهیرە لە نێوان واشنتۆن و پەکیندا پەیڕەوی دەکات. لە کاتێکدا میسر بەردەوامە لە وەرگرتنی هاوکاریی سەربازیی ساڵانە بە بڕی ١.٣ ملیار دۆلار لە ئەمریکا، بەڵام لە هەمان کاتدا لە ساڵانی رابردوودا پەیوەندییە ئابووری و سەربازییەکانی لەگەڵ چیندا بە شێوەیەکی بەرچاو قووڵتر کردووەتەوە. ئێستا ئەم هاوسەنگییە دپلۆماسییە ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی نوێ بووەتەوە، چونکە ئەمجارە خاکی میسر بووەتە مەیدانی ململانێیەکی ستراتیژی لە پێشبڕکێی جیهانیی ژیریی دەستکرددا.

گرێبەستەکەی هواوی و هەنگاوی وەڵامدانەوەی ئەمریکا
ناوەڕۆکی ئەم ململانێ نوێیە لە دەوروبەری پێشنیارێکی کۆمپانیای زەبەلاحی چینی (هواوی) دەخولێتەوە بۆ دروستکردنی دوو کۆمەڵگەی ژمێرکاری لە میسر. بەپێی بەڵگەنامە فەرمییەکان، هواوی داوای دابینکردنی ١,٤٠٨ پرۆسێسەری Ascend 950 بۆ ڕاهێنانی مۆدێلی ژیریی دەستکرد کردووە، لەگەڵ ٦٠٠ چیپی تری Ascend 950 یان وەشانی کۆنتر لە 910B، بە ماوەی جێبەجێکردنی ١٢ مانگ. ئەگەر ئەم گرێبەستە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، دەبێتە یەکەم هەناردەکردنی ئاشکرای چیپە پێشکەوتووەکانی هواوی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی چین، و ئەو ژێرخانەی کە بۆ ئەم مەبەستە دروست دەکرێت بۆ ئەرکە سەربازی، چاودێری و حکومییەکان بەکاردێت.

لە بەرامبەردا، سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خەرجی داڕشتنی پێشنیارێکی بەرەنگاربوونەوەیە لە ڕێگەی کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە وەک Nvidia، AMD و Microsoft، تا ڕێگری لە قۆرخکردنی بازاڕی تەکنەلۆژیای میسر لەلایەن پەکینەوە بگرێت.

پێگەی جوگرافی و هۆکارەکانی هەڵبژاردنی میسر
هەڵبژاردنی میسر وەک ناوەندێکی ئەم تەکنەلۆژیایە پەیوەندی بە پێگەی ناوازەی جوگرافیی ئەم وڵاتەوە هەیە؛ میسر کۆنترۆڵی کەناڵی سوێس دەکات کە دەکەوێتە خاڵی بەیەکگەیشتنی کیشوەرەکانی ئەفریقا، ئاسیا و ئەوروپا. لە سایەی ئاڵۆزییە ناوچەیییەکان و قەیرانەکانی گەرووی هورمز و باب ئەلمەندەب، گرنگیی ستراتیژیی کەناڵی سوێس وەک ڕێڕەوێکی جێگرەوەی دابینکردن چەند قات زیاتر بووە.

چین گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی میسرە لە کاڵا نەوتییەکاندا، و قەبارەی بازرگانیی دوولایەنە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥دا گەیشتە نزیکەی ٢٠.٧ ملیار دۆلار. هەروەها، ناوچەی ئابووریی هاوبەشی چین و میسر لە کەناری دەریای سوور (کە بەشێکە لە دەستپێشخەریی پشتێنە و ڕێگا) زیاتر لە ٢٠٠ کۆمپانیای ڕاکێشاوە و سەروو ١٠ هەزار دەرفەتی کاری ڕاستەوخۆی دروست کردووە. محمد ڕەمەزان، چالاکوان لە هەشداکی میسری بۆ مافەکانی مرۆڤ (EIPR)، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە کێبڕکێی لەسەر ناوەندەکانی داتا لە بنەڕەتدا کێبڕکێیەکی قووڵە لەسەر کۆکردنەوە و ئاراستەکردنی داتا جیهانییەکان و بەڕێوەبردنی داهاتوو، و چین لەم ڕووەوە خاوەن خاڵێکی بەهێزە چونکە ساڵانێکی زۆرە هواوی لە بازاڕی میسردا بوونی هەیە و نرخەکانیان لەچاو کۆمپانیا ئەمریکییەکان کێبڕکێکارترن.

تەحەدییە ژینگەیی و ئابوورییەکان بۆ ناوخۆی میسر
سەرەڕای گرنگییە سیاسی و تەکنەلۆژییەکەی، دروستکردنی ناوەندەکانی داتا بارگرانییەکی قورس لەسەر ژینگەی میسر دروست دەکات. ئەم ناوەندانە پێویستییەکی توندیان بە ئاو و کارەبا هەیە بۆ سیستەمی ساردکردنەوە، لە کاتێکدا بەپێی داتاکانی حکومەت، پشکی ئاوی تاکەکەسی لە میسر بۆ خوار ٥٠٠ مەتر چوارگۆشە لە ساڵێکدا دابەزیوە، کە دەکاتە نیوەی هێڵی هەژاریی ئاوی نەتەوە یەکگرتووەکان.

مەجید مەندور، شیکەرەوەی سیاسی، پێی وایە سەرەڕای قەیرانی کەم ئاوی، حکومەت سەرچاوە پێویستەکان بۆ ئەم پڕۆژەیە دابین دەکات لەسەر حیسابی دابەشکردنی خزمەتگوزاری بەسەر ناوچەکانی تری وڵاتدا. ناوبراو جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم ڕێککەوتنە زیاتر مامەڵەیەکی هاوردەکردن و هەناردەکردنی تەکنەلۆژیایە و ناتوانێت گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی و بەردەوام لە داهات و هەلی کاری درێژخایەن بۆ ئابوورییە گەورەکەی میسر دابین بکات.

لە کۆتاییدا، قاهیرە لەبەردەم بڕیارێکی ستراتیژیدایە؛ قبوڵکردنی هەر یەکێک لەم پێشنیارانە تەنیا گرێبەستێکی ژێرخانی ئابووری نییە، بەڵکو چوونە ناو قۆناغێکی نوێی پشتبەستنی سیاسی و ئەمنی دەبێت کە بۆ دەیەیەک یان زیاتر ئاراستەی پێگەی میسر لە سیستەمی جیهانیدا دیاری دەکات.

سەرچاوە: aljazeera