لە کۆنفرانسی Dreamforce لە سان فرانسیسکۆ، سام ئەڵتمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای OpenAI، لە وتارێکدا تیشکی خستە سەر خێراییی پەرەسەندنی ژیریی دەستکرد، نیگەرانییە جیهانییەکان و ئاراستەی داهاتووی ئەم کەرتی تەکنەلۆژیایە.

مافی ترس و پێویستیی متمانە

ئەڵتمان دانی بەوەدا نا کە خێراییی پەرەسەندنی ژیریی دەستکرد ترسناکە و خەڵک مافی خۆیانە بترسن، بەو پێیەی ئێستا خەیاڵکردن بۆ خراپ بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایە هێندە قورس نەماوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە «جیهان دەبێت متمانە بەوە بکات کە کۆمپانیاکان کاری ڕاست ئەنجام دەدەن»، چونکە ئەوان قەبارە و مەزنیی ئەم بەرپرسیارێتییە هەست پێ دەکەن.

ڕووداوەکان و پێویستیی بەئاگابوون

لەبارەی ڕووداوە نەخوازراوەکانەوە، ئەڵتمان ئاماژەی بەوە کرد کە هەندێک لە ڕووداو و نەهامەتییەکان لە پیشەسازییەکەدا بە نەخوازراوی دەمێننەوە، بەڵام پیشەسازییەکە وەک چۆن لە کەرتی فڕۆکەوانیدا دوای هەر ڕووداوێک فێر دەبێت، لێرەشەوە فێربوون و کاردانەوە دەبێت. ناوبراو ئاماژەی بەو ڕووداوە کرد کە تێیدا بریکارەکانی OpenAI هەڵسان بە هاککردنی پلاتفۆرمی Hugging Face، و ڕایگەیاند کە ئەوە بووە هۆی پێکهێنانی «سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەیەک» (Reset) نەک تەنیا لە کۆمپانیاکەیاندا، بەڵکو لە سەرانسەری پیشەسازییەکەدا، بۆ ئەوەی گرنگیی زیاتر بە ڕێساکانی پاراستن و چاودێری بیدرێت.

گۆڕانی گەورە لە شێوازی کارکردندا تا کۆتاییی ئەم ساڵ

ئەڵتمان پێشبینی دەکات کە تا کۆتاییی ئەم ساڵ گۆڕانکارییەکی تەواو لەوەدا ڕوو بدات کە چی بۆ مرۆڤ دەکرێت، و شێوازی کارکردن گۆڕانی بنەڕەتی بەخۆیەوە ببینێت. ئەو ئاماژەی بەوە دا کە ئێستا قسەکردن لەگەڵ کۆمپیوتەرەکان وەک ئەوە وایە مرۆڤ لە فیلمێکدا بێت و شتە خەیاڵییە زانستییەکان بوونەتە ڕاستی، ئێمەش لەبەردەم قۆناغی سێیەمی پەرەسەندنداین کە کارکردن و بەکارهێنانی ئامێرەکان دەگۆڕێت.

تێڕوانین لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڤیدیۆ کورتەکان

سەبارەت بە بەراوردکردنی مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد بە سۆشیال مێدیا، ئەڵتمان ڕایگەیاند کە کۆنسێپتی سۆشیال مێدیا بە تەنیا ئەرێنی نەبووە، بەڵام ناکرێت هەموو کێشەکانی کۆمەڵگە بخرێتە ئەستۆی. لەبارەی ڤیدیۆی کورتیشەوە، ناوبراو وتی کە هەرچەندە بە خۆی خراپ نییە، بەڵام مەترسیدارە و ئەو ڕێگە بە منداڵەکانی نادات نزیکی ئەو شتانە ببنەوە، چونکە پێشبینیکردنی توانای بەرەنگاربوونەوەی دۆپامین لە منداڵاندا شتێکی لۆژیکی یان ژیرانە نییە.

لە کۆتاییی کۆنفرانسەکەدا، ئەڵتمان هیوای خواست کە تا ساڵی ٢٠٣٠ مرۆڤ باس لەوە بکات کە چەندە ژیانیان باشتر بووە، بازرگانییەکانیان گەشەیان کردووە و لایەنی مرۆڤدۆستانەی ژیریی دەستکرد پەرەی سەندووە.

سەرچاوە : BBC