بەڕێوبەرانی جێبەجێکاری تۆڕی کۆمەڵایەتی تیک تۆک، پرۆتۆکۆڵێکی نوێی ئاگادارکردنەوە و سنووری کاتی ڕۆژانەیان بۆ تەواوی حساباتی مێردمنداڵان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (بەتایبەت ویلایەتی نیویۆرک) و ئەوروپا کارا کرد. ئەم بڕیارە دوێنێ شەو خرایە بواری جێبەجێکردنەوە؛ هۆکارەکەشی بۆ کەمکردنەوەی لۆدی گەورە لەسەر تەندروستی دەروونی مێردمنداڵان دەگەڕێتەوە کە بەهۆی درێژبوونەوەی کاتی سەیرکردنی ڤیدیۆکانەوە دروست دەبوو. سیستمەکە لە ڕێگەی کۆدی قفڵکردنەوە کار دەکات کە دوای ٦٠ خولەک بەکارهێنان، داوای تێپەڕاندنی کۆد یان ڕەزامەندی دایک و باوک دەکات بۆ گەڕانەوە.

دوێنێ شەو، کۆمپانیای تیک تۆک بە فەرمی سیستمێکی پاراستنی هۆشیارانەی بۆ بەکارهێنەرانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ ڕاگەیاند. ئەم سیستمە نوێیە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی سنووری ٦٠ خولەک بۆ بەکارهێنانی ڕۆژانە دادەنێت، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو فشارە یاسایی و تەندروستییانەی لە ویلایەتی نیویۆرک و وڵاتانی ئەوروپا لەسەر کۆمپانیاکە دروست بوون.

بەپێی سیستەمە نوێیەکە، کاتێک مێردمنداڵێک دەگاتە سنووری ٦٠ خولەک لە سەیرکردنی ڤیدیۆ، ئەپەکە بە شێوەیەکی کاتی قفڵ دەبێت. بۆ بەردەوامبوون، بەکارهێنەرەکە پێویستی بە داخڵکردنی کۆدی تێپەڕبوون دەبێت، کە ئەمەش وەک "بەربەستێکی هۆشیارانە" کار دەکات تاوەکو بەکارهێنەر ناچار بکات بڕیارێکی چالاکانە بدات بۆ بەردەوامبوون لە بەکارهێنان یان وازهێنان. بۆ ئەو مێردمنداڵانەی تەمەنیان لە خوار ١٣ ساڵە، تەنها دایک و باوکیان دەتوانن کۆدی تێپەڕبوونەکە دابنێن یان کاتی زیاتریان بۆ زیاد بکەن.

ئەم هەنگاوەی تیک تۆک لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوە تەندروستییەکان و دامەزراوە یاساییەکانی نیویۆرک هۆشداری دەدەن لە زیادبوونی ڕێژەی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی لەنێو مێردمنداڵان بەهۆی ئالوودەبوون بە ئەلگۆریتمە "ئاڵۆشێنەرەکانی" تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. بەڕێوبەرانی تیک تۆک ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئامانجیان دروستکردنی ژینگەیەکی دیجیتاڵی تەندروستترە بۆ نەوەی نوێ.