دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق (CMC) ئاگادارییەکی بەپەلەی ئاراستەی تەواوی بەکارهێنەرانی هێڵی کۆڕەک تێلیکۆم کرد، کە ڕێکاری پێویست بگرنە بەر بۆ ڕێگری لە لە دەستدانی هەژمارە دیجیتاڵییەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئەپە جیاوازەکاندا.
ڕێنمایی و هەنگاوە پێویستەکان بۆ بەکارهێنەران:
زیادکردنی ژمارەی جێگرەوە: لەو ئەپ و بەرنامانەی ڕێگە دەدەن زیاتر لە ژمارەیەک بنووسرێت، پێویستە ژمارەیەکی تری کۆمپانیا ڕێگەپێدراوەکان (ئاسیاسێڵ یان زێن عێراق) لەگەڵ ژمارەی کۆڕەک بۆ وەرگرتنی کۆدی پشتڕاستکردنەوە (OTP) بنووسرێت.
گۆڕینی ژمارەی تەلەفۆن: لەو بەرنامانەی تەنیا یەک ژمارە قبووڵ دەکەن، پێویستە ژمارەی تەلەفۆنی هەژمارەکە بگوێزرێتەوە بۆ ژمارەیەکی ئاسیاسێڵ یان زێن، بەبێ ئەوەی دەستبەرداری ژمارە کۆڕەکەکە ببن.
چالاککردنی ڕێگەی تری پشتڕاستکردنەوە: کاراکردنی ڕێگەکان لە ڕێگەی ئیمەیڵ یان ئەپەکانی پشتڕاستکردنەوە (Authenticator Apps) تا پشتبەستن بە پەیامی کورت (SMS) کەم ببێتەوە.
پەلەکردن لە جێبەجێکردنی ڕێکارەکان: دەستەکە داوا دەکات بە زووترین کات ئەم ڕێکارانە ئەنجام بدرێن، پێش ئەوەی خزمەتگوزاریی وەرگرتنی پەیامی کورت لەسەر هێڵەکانی کۆڕەک بە تەواوی ڕا بوەستێت و چوونە ژوورەوە بۆ هەژمارەکان ئەستەم ببێت.
دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان جەختی کردووەتەوە کە ئەم ڕێکارانە بۆ پاراستنی مافی بەکارهێنەران و هەژمارە دیجیتاڵییەکانیانە، هاوتەریب لەگەڵ بەردەوامیی ڕێکارە یاسایی و ڕێکخکارییەکان بەرامبەر کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم
دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان هۆشداری دەداتە بەکارهێنەرانی کۆڕەک: پێش وەستانی پەیامی پشتڕاستکردنەوە، ژمارەی جێگرەوە بۆ هەژمارە دیجیتاڵییەکانتان زیاد بکەن