لەبارەی ژیریی دەستکرد و یەکسانییەوە
بیڵ گەیتس
لە تەواوی ژیانمدا تەنیا دوو پیشەم هەبووە. لە یەکەمیاندا، لە مایکرۆسۆفت کارم پەرەپێدانی سۆفتوێر بوو بۆ ئەوەی لە ڕێگەیەوە تواناکانی خەڵک بەهێزتر بکەم. لە پیشەی دووەمیشمدا، کە لە ساڵی ٢٠٠٨ـەوە بە تەواوی کاتی خۆم بۆ تەرخان کردووە، ئەو سەروەتەی لە مایکرۆسۆفتەوە بەدەستم هێناوە دەیبەخشمەوە، بەو ئامانجەی جیهان بکەمە شوێنێکی تەندروستتر، خوێندەوارتر و یەکسانتر. ئەمە ئەو کارەیە کە بۆ تەواوی تەمەنی ماوم بەردەوام دەبم لەسەری.
هەردوو ئەزموونەکە تێڕوانینی من لەسەر ژیریی دەستکرد ڕوون دەکەنەوە. کاتێک بۆ یەکەم جار لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا ئاشنای کۆمپیوتەر بووم، سەرسام بووم بەو بیرۆکەیەی کە دەکرێت ئامێرەکان زیرەکتر بکەین بۆ ئەوەی ئەو کارانە ئەنجام بدەن کە پێشتر تەنیا مرۆڤ دەیتوانی بیانکات. هەرچەندە چەمکی "ژیریی دەستکرد" لەو سەردەمەی من تێیدا لەدایک بووم هەبووە، بەڵام ئەم تەکنۆلۆژیایە تەنیا لە دەیەی ڕابردوودا پێشکەوتنێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە. ئەمڕۆ تواناکانی زۆر گەورەن و بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر بەرەوپێش دەچێت. بۆ یەکەم جار، ژیریی دەستکرد دەتوانێت جێگەی هۆشی مرۆڤ بگرێتەوە و تەنانەت تێپەڕیشی بکات.
ژیریی دەستکرد؛ یان گەورەترین ئامرازی یەکسانی، یان وێرانکەرترین سەرچاوەی نادادپەروەری
لە ڕووی یەکسانییەوە، تەحەدییەکە زۆر گەورەیە. تەنانەت لە باشترین بارودۆخیشدا، چوونە ناو سەردەمی ژیریی دەستکردەوە دەبێتە یەکێک لە پڕشڵەژانترین قۆناغەکانی مێژووی مرۆڤایەتی. چۆن ئەم تەکنۆلۆژیایە بەکار بهێنین بۆ ئەوەی جیهان بکەینە شوێنێکی دادپەروەرتر و ڕێگری بکەین لە قووڵبوونەوەی درزی نێوان دەوڵەمەند و هەژار؟ چۆن پارێزگاری لەو کەسانە بکەین کە زۆرترین زیانیان بەهۆی ژیریی دەستکردەوە بەر دەکەوێت؟ بە تایبەتی ئەوانەی بژێویی ژیانیان و هەستی کۆنتڕۆڵکردنی داهاتوویان لە دەست دەدەن؟
من بڕوام وایە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە دەبێتە لەپێشینەترین ئەرکی جیهان. ئەگەر جیهان هەنگاوی دروست بگرێتە بەر، ژیریی دەستکرد دەبێتە هێزێکی خێر و هۆکارێک بۆ ئەوەی هەمووان ژیانێکی باشتر بژین. بەڵام بەداخەوە، لە ئێستادا ئێمە وەک پێویست خۆمانی بۆ ئامادە ناکەین. هیچ بەڵگەیەک نابینم کە سەرکردەکان، شارەزایان و کۆمەڵگەکان بە شێوەیەکی گونجاو ڕووبەڕووی ئەم ئاڵنگارییانە ببنەوە و، هیچ پلانێکیش نییە بۆ ئاسانکردنی قۆناغی چوونە ناو سەردەمی ژیریی دەستکردەوە.
هۆکاری بەشێک لەم کەمتەرخەمییە ئەوەیە کە زۆرێک لە چاودێران قەبارەی کاریگەرییەکانی ژیریی دەستکرد بە کەم دەزانن. پێم وایە چەند هۆکارێک بۆ ئەمە هەن:
یەکەمیان ئەوەیە کە مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد هێشتا هەڵە دەکەن. بۆیە زەحمەتە خەڵک بتوانن وێنای ئەوە بکەن کە ئامێرێک جێگەی هۆشی مرۆڤ بگرێتەوە لە کاتێکدا نەتوانێت مەتەڵێکی سادەی وەک سودۆکۆ چارەسەر بکات، یان نەزانێت چەند پیتی (R) لە وشەی (Strawberry)دا هەیە. بەڵام کێشەی متمانەپێکراوی بە خێرایی چارەسەر دەبێت؛ توێژەران خەریکی دروستکردنی مۆدێلێکن کە توانای چاودێریکردن و باشترکردنی خۆی هەیە، بۆیە بەم زووانە ئامێرەکان لە زۆرینەی ئەرکەکاندا لە مرۆڤ باشتر دەبن.
هۆکارێکی تر کە وا دەکات خەڵک ژیریی دەستکرد بە سووک سەیر بکەن، ئەوەیە کە بەراوردکردنی ئەم تەکنۆلۆژیایە بە داهێنانەکانی ڕابردوو چەواشەکارانەیە. ئێمە هیچ ئەزموونێکمان نییە لەگەڵ تەکنۆلۆژیایەکدا کە بەم خێراییە بڵاو ببێتەوە و بتوانێت وەک مرۆڤ بیر بکاتەوە. کاتێک کۆمپیوتەری کەسی (PC) داهێنرا، بیست ساڵی خایاند تا توانی گۆڕانکاری لە شێوازی کارکردنماندا بکات، چونکە پێویست بوو سۆفتوێرەکان پەرەیان پێ بدرێت، نرخەکان دابەزن، و خەڵک فێری بەکارهێنانیان ببن. بەڵام ژیریی دەستکرد لەسەر ئەو ئامێرانە کار دەکات کە ئێستا لە بەردەستماندان، و زمانی سروشتیی مرۆڤ بەکار دێنێت. پێویست ناکات ئێمە خۆمانی لەگەڵدا بگونجێنین، بەڵکو ئەو خۆی لەگەڵ ئێمەدا دەگونجێنێت؛ دەتوانێت سەیری هەمان ئەو ڤیدیۆ ڕێنمایییانە بکات کە بۆ کارمەندان بەکار دێن و، لە زانیارییە بەردەستەکانەوە فێر ببێت.
لێرەدا دەمەوێت دان بە ڕاستییەکدا بنێم: من بە شێوەیەکی زۆر گەورە لە ئابووریی تەکنۆلۆژیا سوودمەند بووم. هەرچەندە سەرمایەکەم هەمەجۆر کردووە، بەڵام هێشتا پەیوەندیی داراییم بەو کەرتەوە هەیە. لە ڕێگەی کارەکەمەوە وەک هاوسەرۆکی دامەزراوەی گەیتس، لەگەڵ مایکرۆسۆفت و کۆمپانیاکانی تری ژیریی دەستکرد کار دەکەم بۆ ئەوەی دڵنیا بم ئەم تەکنۆلۆژیایە بە جۆرێک جێبەجێ دەکرێت کە سوود بە خەڵکی سەرانسەری جیهان بگەیەنێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، تێڕوانینەکانم لەسەر ژیریی دەستکرد لە پێناو قازانجی کەسیی خۆمدا نییە. هەر قازانجێک کە لە وەبەرهێنانەکانمەوە دەستم بکەوێت (لەوانەش ئەوانەی پەیوەندییان بە تەکنۆلۆژیاوە هەیە)، دەچێتە سەر حسابی دامەزراوەی گەیتس بۆ بەرەنگاربوونەوەی نادادپەروەریی جیهانی. بە دڵنیاییەوە، بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە ئایا ئەمە تێڕوانینمی لێڵ کردووە یان نا، جێ دەهێڵم بۆ خوێنەران خۆیان.
خۆزگە دەمتوانی بڵێم جیهان دەتوانێت بە خێرایی سوودەکانی ژیریی دەستکرد بچنێتەوە و کێشەکانیشی بۆ ماوەیەکی زۆر دوا بخات، بەڵام سوود و کێشەکان پێکەوە دێن. پێویستمان بە کاتە بۆ ئامادەکاری بەرامبەر ئەو شڵەژانە کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوورییەی کە بەرەو ڕووی دەچین. خەمناکییەکە لەوەدایە ئەو کەسانەی کە پێویستیان بە زۆرترین کاتە، کەمترین کاتیان لە بەردەستدایە؛ بۆ نموونە ئەو ژمێریارەی کە کارەکەی لە لایەن ڕۆبۆتێکەوە دەگیرێت، یان ئەو کارمەندەی کە کاتژمێری بە ٢٠ دۆلار کار دەکات و کارەکەی لە دەست دەدات بۆ ڕۆبۆتێک کە تێچووەکەی تەنیا ١٠ دۆلارە لە کاتژمێرێکدا.
زۆرێک لە چاودێران دەڵێن ئەم قۆناغە گواستنەوەیە هاوشێوەی قۆناغەکانی پێشوو دەبێت. نموونە بەوە دەهێننەوە کە چۆن لە ئەمریکا کرێکاران لە کەرتی کشتوکاڵەوە گواسترانەوە بۆ کەرتی فەرمانگەکان. بەڵام ئەو گواستنەوەیە چەندین نەوەی خایاند و کاری نوێی وەهای دروست کرد کە پێویستیان بە هۆش و توانای مرۆڤ هەبوو؛ لە کاتێکدا ئەم تەکنۆلۆژیا نوێیە دەتوانێت بە تەواوی جێگەی هۆشی مرۆڤ بگرێتەوە.
لەبەر ئەوەی ژیریی دەستکرد دەتوانێت ببینێت، ببیستێت، قسە بکات و بیر بکاتەوە، و لە داهاتووشدا بە هەمان ئاسانیی مرۆڤ کارە فیزیاییەکان ئەنجام بدات، کاریگەرییەکەی تەنیا لەسەر یەک کەرت نابێت. ئەم تەکنۆلۆژیایە کاریگەریی لەسەر بواری یاسا، خزمەتگوزاریی کڕیاران، پزیشکی، سۆفتوێر و پیشەسازی دەبێت، ئەویش تەنیا لە ماوەی یەک دەیەدا، نەک چەندین نەوە. ڕاستە هەندێک کاری نوێ دروست دەبن، بەڵام بەبێ داڕشتنی سیاسەتی دروست، ژمارەی کارەکان زۆر کەمتر دەبن لەوەی ئەمڕۆ بوونیان هەیە.
ئەگەر کەسێک پلانێکی متمانەپێکراوی هەبووایە بۆ خاوکردنەوەی گەشەی ژیریی دەستکرد لەسەر ئاستی جیهان، بە ئەگەری زۆرەوە پشتگیریم دەکرد. بەڵام پێم وا نییە شتی وا ڕوو بدات. پاڵنەرە جیۆپۆلەتیکی و ئابوورییەکان ئەوەندە بەهێزن کە وا دەکەن ئەم پڕۆسەیە بە خێراییەکی تەواو بەرەوپێش بچێت.
بۆ ئەوەی دڵنیا بین لەوەی سوودەکانی ئەم تەکنۆلۆژیا بێپێشینەیە زیاد دەکەین و زیانەکانیشی کەم دەکەینەوە، دەبێت سەرەتا لە هەردووکیان تێبگەین. لێرەدا بە مەترسییەکان دەست پێ دەکەم.
گواستنەوە بۆ سەردەمی ژیریی دەستکرد سێ مەترسیی گەورەی لەگەڵدایە. پلانم هەیە لە داهاتوودا بە وردی لەسەر هەریەکێکیان بنووسم، بەڵام بۆ ئێستا بە کورتی باسیان دەکەم:
١. زۆرێک لە کارەکان بۆ هەمیشە ون دەبن.
لە ساڵی ١٩٣٣، لە کاتی قەیرانی گەورەی ئابووریدا، ڕێژەی بێکاری لە ئەمریکا گەیشتە نزیکەی ٢٥٪ و بۆ نزیکەی دە ساڵ بە بەرزی مایەوە، تا ئەو کاتەی خواست و وەبەرهێنان و گەشەسەندن گەڕایەوە دۆخی ئاسایی.
ڕەنگە قەیرانی ژیریی دەستکرد نەگاتە ئەو ئاستە، بەڵام کاریگەرییەکەی بە کۆتاییهاتنی سووڕێکی ئابووری تێناپەڕێت. ئەو کارانەی کە زۆرترین مەترسییان لەسەرە، کارە سەرەتایی و مامناوەندەکانن، ئەو کارە نوێیانەشی کە دروست دەبن پێویستیان بە چەندین ساڵ مەشق و ڕاهێنان هەیە.
هەر ئێستا دەرفەتی کار بۆ پیشە یەخەسپییەکان (White-collar - کارمەندانی ئیداری و نووسینگە) بە ڕێژەیەکی مامناوەند کەم بووەتەوە. دوای بڵاوبوونەوەی ژیریی دەستکردی دروستکەر (Generative AI)، ڕێژەی دامەزراندنی گەنجان لەو کارانەی مەترسیی جێگرتنەوەیان لەسەرە دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، بەڵام ئەمە کاریگەریی لەسەر کارمەندە بەتەمەنەکان نەبووە.
پێم وایە ئەم ڕەوتە بەردەوام دەبێت و تەنیا لە چەند پیشەسازییەکدا قەتیس نابێت. کارەکانی وەک فرۆشتن، پشتیوانیی کڕیاران، ئەندازیاریی سۆفتوێر و کاری یاسایی، لە ڕیزبەندیی یەکەمدان بۆ ئەوەی کاریگەرییان بەر بکەوێت. بەڵام کێشەکە زۆر لەوە گەورەترە؛ کاتێک ژیریی دەستکرد ئەو ئەرکانە دەگرێتە ئەستۆ کە ئەمڕۆ پێویستیان بە کارمەندی ڕاهێنراو هەیە (وەک هەڵسەنگاندنی قەرز، شیکاریی داتا و دەستنیشانکردنی سەرەتاییی نەخۆشییەکان)، شڵەژانێکی گەورەتر ڕوو دەدات. لە هەندێک بواری وەک ئەندازیاریی سۆفتوێر، دابەزینی تێچوو وا دەکات خواستی نوێ دروست ببێت، بۆیە ڕەنگە لەدەستدانی پوختی کار لەم بوارانەدا کەمتر بێت.
پیشە یەخەشینەکانیش (Blue-collar - کرێکاران و پیشە دەستییەکان) بێبەش نابن لەم کاریگەرییە. هەرچەندە ڕۆبۆتەکان هێشتا وەک ژیریی دەستکرد پێش نەکەوتوون، بەڵام لە کۆتاییدا تێچوویان بە شێوەیەکی دراماتیکی کەم دەبێتەوە. زۆرێک لەو ئەمریکییانەی قسەیان لەگەڵ دەکەم هەست بە پێشکەوتنی خێرای ڕۆبۆتە دەستڕەنگینەکان ناکەن، چونکە زۆربەی ئەم پێشکەوتنانە لە وڵاتانی تردا (بە تایبەت چین) ڕوو دەدەن، یانیش خەڵک بەو ڤیدیۆیانە هەڵخەڵەتاون کە تێیدا ڕۆبۆتەکان بە خراپی هەڵدەپەڕن. بەڵام پێم وایە تا کۆتایی ئەم دەیەیە، ڕۆبۆتە "ژیرەکان" دەست دەکەن بە کێبڕکێکردنی مرۆڤ لە کارە فیزیاییەکانی وەک بیناسازی و میوانداریدا.
تێکەڵکردنی ڕۆبۆت و ژیریی دەستکرد بازنەیەکی ترسناک دروست دەکات. کاتێک کۆمپانیایەک بەکاریان دەهێنێت و خەرجییەکانی کەم دەکاتەوە، ڕکابەرەکانیشی ناچار دەبن هەمان کار بکەن. ئەگەر کۆمپانیا کۆنەکانیش نەیکەن، کۆمپانیا نوێیەکان دەیکەن. ڕاستە بەشێک لە خەڵکەکە دەچنە کارێکی تر، بەڵام ئازاری لەدەستدانی کار، ڕاهێنانەوە، و گەڕان بەدوای کاری نوێدا زۆر سەخت دەبێت. هێزەکانی بازاڕ وا دەکەن ئەم گۆڕانکارییە خێراتر بێت، و گەر دەستوەردان نەکەین، کارە باشەکان زۆر کەم دەبنەوە و تەواوی سوودەکان تەنیا بۆ کۆمەڵەیەکی بچووک کۆ دەبنەوە.
من زۆر نیگەرانی ئەو گەنجانەم کە تازە دەچنە ناو بازاڕی کارەوە و دەرفەتیان کەمترە. ئەوان باشتر لە هەر کەسێک لەم ئاڵنگارییە تێدەگەن، چونکە خۆیان زۆرترین بەکارهێنەری ئەم تەکنۆلۆژیایەن و هەم تواناکان و هەم خێراییی پێشکەوتنەکەی دەبینن. سەرسوڕهێنەر نییە کە بەشێکی زۆریان هەستی نەرێنییان بەرامبەر بە ژیریی دەستکرد هەیە.
گەورەترین شۆک بۆ کارمەندان کاتێک ڕوو دەدات کە ژیریی دەستکرد بتوانێت بەبێ هەڵە کار بکات. لەو قۆناغەدا، دەتوانێت بە تەواوی سەربەخۆ و بەبێ چاودێریی مرۆڤ ئەرکەکانی جێبەجێ بکات، کۆمپانیاکانیش لە ڕووی ئابوورییەوە هاندەری تەواویان دەبێت بۆ ئەوەی ئەو کارەی پێ بسپێرن.
ئەمەش گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە تێگەیشتنمان بۆ کار، داهات و ئاسایشی ئابووری دروست دەکات. سیستەمی سەرمایەداری لەسەر بنەمای دامەزراندن و کارکردن بونیاد نراوە؛ کاتێک خەڵک کەمتر کار بکەن یان بێکار ببن، ئەم ئابوورییە چۆن بەڕێوە دەچێت؟
کارکردن تەنیا سەرچاوەی پەیداکردنی پارە نییە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیان، بەڵکو سەرچاوەیەکی سەرەکییە بۆ هەستکردن بە شکۆمەندی و دروستکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی.
کاتێک ڕێژەی بێکاری لە کۆمەڵگەیەکدا بەرز دەبێتەوە، لێکەوتەکانی زۆر ترسناکن. توێژینەوەکان دەریدەخەن کە داخرانی کارگەکان لە هەندێک بەشی ئەمریکا، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی گیانلەدەستدان بەهۆی زیادەڕەوی لە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان (ئۆپیۆیدەکان)دا. ئێستا وێنای ئەوە بکەن کە هەمان پاڵەپەستۆ بکەوێتە سەر تەواوی کارمەندان و کرێکاران لە سەرانسەری وڵاتدا.
پێویستە هەر ئێستا بیر لە کەمکردنەوەی لەدەستدانی کارەکان بکەینەوە، بۆ ئەوەی هەمووان سوودمەند بن لەو گەشەسەندنەی کە ژیریی دەستکرد دەیهێنێتە ئاراوە. نابێت چاوەڕێ بکەین تا خەڵک کارەکانیان لە دەست دەدەن. ژیریی دەستکرد هەڕەشەیەکی پێکهاتەیییە بۆ سەر سیستەمی ئابووریمان، و پێویستی بە بیرکردنەوە و کردەوەی خێرا هەیە لە ئێستادا.
٢. ژیریی دەستکرد دەسەڵات دەداتە کەسانی خراپەکار تا زیانی زیاتر بگەیەنن.
زۆر پێش دەرکەوتنی ژیریی دەستکرد، ئینتەرنێت پڕ بوو لە زانیاری لەسەر چۆنیەتیی دروستکردنی بۆمب، چەکی بیۆلۆژی و تەنانەت ڤایرۆسی کۆمپیوتەر. ژیریی دەستکرد وا دەکات تەنیا وەرگرتنی ئەم زانیارییانە ئاسان نەبێت، بەڵکو جێبەجێکردنیشی زۆر ئاسانتر بێت. تەنانەت تاوانبارێکی کەمئەزموونیش دەتوانێت بە ئاسانی قوربانییەکانی بکاتە ئامانج لە هەموو ئاستێکدا: تاکەکان، کۆمپانیاکان و حکوومەتەکان.
فێڵکردن بە هۆکاری ژیریی دەستکرد، چەواشەکاری، دروستکردنی ڤیدیۆی ساختە (Deepfakes) و چاودێریکردن، ئەو زیانانەن کە زۆرێک لە خەڵک لە ژیانی ڕۆژانەیاندا زۆر بە ڕوونی هەستی پێ دەکەن.
تواناکانی ژیریی دەستکرد ئێستا بۆ هێرشی سایبەری بەکار دەهێنرێن. زیرەکترین شارەزایانی ئاسایشی سایبەری کە من دەیانناسم، ترسیان لە چەند ساڵی داهاتوو هەیە، چونکە هێرشبەران بە خێراییەکی زۆرتر توانای نوێ بەدەست دەهێنن پێش ئەوەی بەرگریکاران بتوانن کەلێنەکان پڕ بکەنەوە. دواجار، هەر ئەو مۆدێلەی کە دەتوانێت کەلێنێک لە سۆفتوێرێکدا بدۆزێتەوە تا کۆمپانیایەک چاکی بکات، دەتوانێت یارمەتیی تاوانبارێکیش بدات تا بەکاری بهێنێت. تێچوو و سەرچاوەکانی پێویست بۆ هێرشکردن زۆر کەم بوونەتەوە، و ئێمەش نەمانتوانیوە بەکارهێنانە باش و خراپەکانی ئەم تەکنۆلۆژیایە لە یەکتر جیا بکەینەوە.
ئێستا بیر لەو ژێرخانە هەستیارانە بکەنەوە کە دەکەونە ژێر مەترسییەوە: نەخۆشخانەکان، دامەزراوە داراییەکان، سیستەمی ئاو و کارەبا، و سیستەمی خزمەتگوزارییە حکوومییەکان. کاتێک هێرش دەکرێتە سەر ئەم دامەزراوانە، ئەوە نەخۆشەکان و کڕیارانن کە باجەکەی دەدەن.
هەمان مەترسی لە بواری تیرۆریزمی بیۆلۆژیدا هەیە. ئەگەرچی ژیریی دەستکرد یارمەتیدەرە بۆ دۆزینەوەی دەرمان و ڤاکسینی نوێ و ڕزگارکەری ژیان، بەڵام لە هەمان کاتدا دروستکردنی نەخۆشیی نوێ و کوشندە زۆر ئاسان دەکات. لێرەشدا، جیاکردنەوەی توانای ئەرێنی لە مەترسیدارەکان زەحمەتە و ئەمە کێشەیەکی جیهانییە.
ئەو مەترسییانەی پێشتر ئاماژەم پێ دان باس لەوە دەکەن کە چۆن ژیریی دەستکرد هێز دەداتە ئەو کەسە خراپەکارانەی کە پێشتر هێزیان نەبووە. بەڵام هەمان ئامراز هێزی ئەو لایەنانەش زیاتر دەکات کە پێشتر بەهێز بوون. بۆ نموونە چەکە سەربەخۆکان (Autonomous weapons) وا دەکەن حکوومەتەکان بتوانن هێزی کوشندە بەکار بهێنن بەبێ ئەوەی مرۆڤێک بەشێک بێت لە بڕیارەکە. کۆنتڕۆڵکردن و ئاراستەکردنی ڕای گشتییش زۆر ئاسانتر، هەرزانتر و کاریگەرتر دەبێت.
لە کۆتاییدا، مەترسییەکە تەنیا لە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لەلایەن مرۆڤەوە نییە. سیستەمەکانی ژیریی دەستکرد هەندێک جار بە شێوازێک کار دەکەن کە دیزاینەرەکانیان مەبەستیان نەبووە. تەکنۆلۆژیاکە خێراتر لەوەی کەس چاوەڕێی دەکرد و بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر پێش دەکەوێت. کاتێک مۆدێلەکان بەهێزتر دەبن، ڕەنگە دەست بکەن بە کارکردن دژی بەرژەوەندییەکانمان و ئێمە بە تەواوی کۆنتڕۆڵیان لە دەست بدەین.
٣. ژیریی دەستکرد دەتوانێت گەشەی منداڵانمان لاواز بکات و جێگەی پەیوەندییە مرۆییەکان بگرێتەوە.
کاتێک لە سیاتڵ گەورە دەبووم، جگە لە چەند کوڕێکی وەک خۆم هاوڕێی زۆرم نەبوو. دایکم زۆر هەوڵی دا تا بەهرە کۆمەڵایەتییەکانم پێش بخات و بتوانم لەگەڵ خەڵکانی جیاوازدا تێکەڵ بم. تا ئەمڕۆش کە تەمەنم ٧٠ ساڵە، پشتیان پێ دەبەستم و سوود لەو ڕاهێنانانە دەبینم.
گومانم هەیە ئەگەر لەو کاتەدا هاوڕێیەکی ژیریی دەستکردم هەبووایە، هەمان ئەو گەشەیەم بکردایە. ئەو چاتبۆتانە بە جۆرێک قسەت لەگەڵ دەکەن کە ئاسوودەت دەکات؛ پاڵت پێوە نانێن بێیتە دەرەوە لە ناوچەی ئاسوودەییی خۆت، هەمیشە بەردەستن و هەرگیز لێت تووڕە نابن. ئەمەش توانای ئەوەیان پێ دەبەخشێت کە ببنە هۆی ئالوودەبوونی بەرز و لێمان بدزن ئەو وانانەی لە پەیوەندیکردن لەگەڵ خەڵکی تردا فێری دەبین.
بەڵگەی بەردەست لەسەر ئەم بابەتە هێشتا کەمە، بەڵام نیشانە هەن کە دەبێت زۆر نیگەران بین. بۆ نموونە، توێژەرانی زانکۆکانی ستانفۆرد و کارنیگی مێلۆن لە توێژینەوەیەکدا لەسەر زیاتر لە ١,١٠٠ بەکارهێنەری هاوڕێی ژیریی دەستکرد بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو کەسانەی تۆڕی کۆمەڵایەتییان بچووکتر بووە، زۆرترین مەیلیان هەبووە ڕوو بکەنە چاتبۆتێک بۆ هاوڕێیەتی. و تا کاتی بەکارهێنان و پەیوەندییە سۆزدارییەکەیان قووڵتر بووبێتەوە، هەستیان بە تەنیایی و خراپیی زیاتر کردووە.
کەسانی گەنج دەکرێت بۆ تەواوی ژیانیان کاریگەرییان لەسەر بێت. جۆناسان هایت لە پەڕتووکی (نەوەی دڵەڕاوکێ - Anxious Generation)دا تێبینییەک لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکات کە بۆ ژیریی دەستکردیش زۆر گونجاوە: "وەک چۆن دارە گەنجەکان بەهۆی بەرکەوتنیان بە با بەهێز دەبن، ئەو منداڵانەشی کە بە بەردەوامی ڕووبەڕووی مەترسی و کێشەی بچووک دەبنەوە، لە داهاتوودا دەبنە کەسانی گەورە و بەهێز کە بەرگەی قەیرانە گەورەکان دەگرن بەبێ ئەوەی تێکبشکێن. بە پێچەوانەوە، ئەو منداڵانەی لە خانوویەکی شووشەییی پارێزراودا گەورە دەبن، هەندێک جار هەر زوو بەهۆی دڵەڕاوکێوە پەکیان دەکەوێت پێش ئەوەی بگەنە قۆناغی گەورەیی."
هاوڕێیەکی ژیریی دەستکرد کە هەمیشە دڵت ڕازی دەکات و هەرگیز ناڕەحەتت ناکات، ڕێک وەک ئەو خانووە شووشەیییە پارێزراوە وایە.
ئێمە تازە دەست دەکەین بە تێگەیشتن لەو مەترسییانەی کە ئینتەرنێت—بە تایبەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان—لەسەر گەشەی منداڵان و گەنجان دروستیان کردووە؛ وەک ئالوودەبوون، تێکچوونی خەو، گێچەڵی ئەلیکترۆنی، و بەرکەوتن بە ناوەڕۆکی زیانبەخش. ژیریی دەستکرد دەتوانێت ئەم کێشانە زۆر گەورەتر بکات بەوەی زۆر باوەڕپێکراوتر دەردەکەوێت و وازترهێنان لێی زەحمەتتر دەبێت. نابێت چاوەڕێی نەوەیەکی تر بکەین تا ئەم مەترسییانە بە جددی وەربگرین. ئێستا وڵاتانی وەک ئوسترالیا، بەریتانیا و نەرویج خەریکی دانانی یاسان بۆ پاراستنی منداڵان لە ئینتەرنێتدا. چین لەم بوارەدا پێشەنگە؛ بە توندی بەکارهێنانی ئەپەکانی هاوڕێی ژیریی دەستکرد سنووردار دەکات، ڕێگری لە دروستکردنی پەیوەندیی سۆزداری دەکات، و دروستکردنی کەسوکاری خەیاڵی و هاوبەشی ڕۆمانسی بۆ هەرزەکاران قەدەغە دەکات.
هەروەها، زۆر نیگەرانم لە کاریگەریی ژیریی دەستکرد لەسەر پەروەردە. هەرچەندە ئەم ئامرازە دەتوانێت فێربوون ئاسانتر بکات و زانیاریی زیاتر بدات، بەڵام لە هەمان کاتدا دەتوانێت وا بکات خەڵک کەمتر فێر ببن. توێژینەوەیەکی سەرەتایی دەریخستووە کە بەکارهێنانی زۆری ژیریی دەستکرد دەبێتە هۆی لاوازبوونی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە (Critical Thinking)، بە تایبەت لای کەسانی گەنج.
ئەمە خراپترین کاتە بۆ مرۆڤ تا توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەی لە دەست بدات. لە سەردەمی دیپفەیک و زانیاریی چەواشەکارانەدا کە ڕەنگە بە تایبەتی بۆ تۆ دیزاین کرابێت، توانای جیاکردنەوەی ڕاستی و درۆ گرنگترین بەهرەیە بۆ ژیان.
ڕوون نییە هێڵەکە لە کوێدا بکێشرێت سەبارەت بەم کێشە دەروونی و کۆمەڵایەتییانە. لە هەندێک حاڵەتدا ژیریی دەستکرد دەتوانێت یارمەتیدەر بێت؛ بۆ نموونە یارمەتیی کەسانی بەساڵاچوو و گۆشەگیر بدات تا پەیوەندییان بە جیهانی دەرەوەوە هەبێت، کە ئەمە لە تەنیاییی ڕەها زۆر باشترە. بەڵام لە هەر شوێنێک ئەو هێڵە بکێشین، دەبێت بڕیارێکی ئاگادارانە و وریایانەی خۆمان بێت.
سوودە باشەکان کە بە ژیریی دەستکرد بەدەستیان دەهێنین دەتوانن زۆر زۆر باش بن.
زۆرجار دەوترێت ئێمە زیادەڕەوی دەکەین لەوەی چەند شت لە ماوەی کورتدا دەگۆڕێت، و سووک سەیری ئەوە دەکەین چەند شت لە ماوەی درێژدا دەگۆڕێت.
لەگەڵ ژیریی دەستکرددا، شتێکی جیاواز دەبینم کە ڕوو دەدات. هەندێک کەس تەنیا لایەنە ئەرێنییەکانی ژیریی دەستکرد دەبینن و مەترسییەکانی فەرامۆش دەکەن، هەندێکی تریش پێچەوانەکەی دەکەن و تەنیا باس لە مەترسییەکان دەکەن لەسەر حیسابی لەدەستدانی سوودەکان.
ئێمە پێویستمان بە هەردووکیانە: هەم دەبێت زۆر نیگەرانی زیانەکانی ژیریی دەستکرد بین و هەوڵی کەمکردنەوەیان بدەین، هەم دەبێت گەشبینییەکی بنەمادارێژراومان هەبێت لەسەر ئەرێنییەکان ئەگەر بتوانین بۆ هەمووانی دابین بکەین.
زیادکردنی سوودەکان بە هەمان ئەندازەی کەمکردنەوەی زیانەکان گرنگە. ئەگەر خەڵک ببینن ژیریی دەستکرد ژیانیان ئاسانتر دەکات، یارمەتیدەر دەبێت لە بونیادنانی متمانەی گشتی کە بۆ تێپەڕاندنی قۆناغە سەختەکان پێویستە. ئەگەر یەکەم شت کە ژیریی دەستکرد لە ژیانی خەڵکدا دەیکات بێکارکردنیان بێت، ئەوا بە تەواوی ڕەتی دەکەنەوە. ئەمەش وا دەکات گەیاندنی سوودەکان مەحاڵ بێت؛ هەر بۆیە حکوومەتەکان، پیشەسازییەکان (بە تایبەت پزیشکی)، و کۆمپانیاکانی ژیریی دەستکرد دەبێت هەر ئێستا پێکەوە کار بکەن.
بەهۆی توانای شیکارکردنی زانیاری لە هەموو بوارە زانستییەکانەوە، ژیریی دەستکرد دەتوانێت گەورەترین تەحەدییەکانی جیهان چارەسەر بکات: دابینکردنی وزەی پاک، بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، بەرهەمهێنانی خۆراکی پێویست و نەهێشتنی نەخۆشییەکان. توێژەران دەتوانن بۆ گەڕان بەناو ملیۆنان بەڵگەنامەی زانستیدا سەبارەت بە شێرپەنجە یان وزەی ئەتۆم بەکاری بهێنن و ئەو تاقیکردنەوانە دەستنیشان بکەن کە زۆرترین هیوایان تێدایە. کاتێک ژیریی مرۆڤ چیتر فاکتەری سنووردارکەر نەبێت، کۆمپانیا بچووکەکان دەتوانن کێبڕکێ لەگەڵ ئەو ڕێکخراوانەدا بکەن کە بودجەی زەبەلاحیان هەیە. بەمەش توێژینەوە، گەشەپێدان و داهێنان زۆر خێراتر دەبن.
چاودێریی تەندروستی یەکێکە لەو بوارانەی کە ژیریی دەستکرد دەتوانێت ژیانی خەڵک ڕزگار بکات. لە زۆرێک لە نەخۆشخانە بچووکەکانی ئەمریکا پزیشکی پسپۆڕ بەردەست نییە تا لە کاتی بارودۆخی مەترسیداردا بە خێرایی نەخۆشێک دەستنیشان بکات. لەو شوێنانەدا، ژیریی دەستکرد دەتوانێت دڵنیا بێت لەوەی جەڵتەی دڵ لە کاتی گونجاودا دەستنیشان دەکرێت. (Viz.ai) یەکێکە لە نموونەکان؛ سیتی سکانەکان شیکار دەکات تا جەڵتەی مێشک دەستنیشان بکات و یارمەتیی پزیشکان دەدات. ئێستا ئەم سیستەمە لە نزیکەی ٢,٠٠٠ نەخۆشخانەی ئەمریکادا بەکار دێت. ژیریی دەستکرد هەروەها یارمەتیی پزیشکانی سەرەتایی دەدات و نەخۆشەکانیش تێدەگەیەنێت لە ئەنجامی پشکنینەکان و چۆنیەتیی بەکارهێنانی دەرمانەکانیان.
من زۆر خەڵک سەرسام دەکەم کاتێک پێیان دەڵێم کشتوکاڵ ئەو بوارەیە کە خێراترین کاریگەریی ژیریی دەستکردی تێدا دەبینم لە وڵاتانی کەمداهاتدا. لە زۆربەی وڵاتە هەژارەکان، جووتیاران پێشبینیی متمانەپێکراوی کەشوهەوا یان ئامۆژگاریی دروستیان دەست ناکەوێت بۆ ئەوەی بزانن چ تۆوێک بچێنن یان چۆن خاکەکەیان باشتر بکەن. لەگەڵ زیادبوونی دانیشتووان و گۆڕانی کەشوهەوادا، ئەم جووتیارانە پێویستیان بە یارمەتیی زیاترە. بە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد، ئەم جووتیارانە دەتوانن ئامۆژگاریی زۆر ورد بەدەست بهێنن (تەنانەت باشتر لەوەی دەوڵەمەندترین جووتیاران ئێستا هەیانە) و بەرهەمیان بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاد بکەن.
خزمەتگوزارییە حکوومییەکان بواری سێیەمن. لە ئەمریکا بینیومە خێزانەکان چۆن بەدەست فۆڕمە ئاڵۆزەکانی بیمەی تەندروستی یان یارمەتییە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەناڵێنن و زۆرجار بێئومێد دەبن. ژیریی دەستکرد دەتوانێت ئەم پڕۆسەیە زۆر ئاسان بکات تا خەڵک زووتر مافەکانیان بەدەست بهێنن و حکوومەتیش کاراتر بێت.
سەرەڕای نیگەرانییەکانم لەسەر تەندروستیی دەروونی، پێم وایە ژیریی دەستکرد دەتوانێت لەوێشدا یارمەتیدەر بێت. زۆربەی کۆمەڵگەکان کێشەی کەمیی پزیشکی دەروونی و ڕاوێژکاریان هەیە. ئەگەر سیستەمەکە پارێزراو بێت، ئامرازەکانی ژیریی دەستکرد دەتوانن نیشانەکانی خەمۆکی و شڵەژان زووتر دەستنیشان بکەن و ستراتیژیی چارەسەر پێشکەش بە نەخۆش بکەن.
ژیریی دەستکرد بەخششێکی گەورەشە بۆ پەروەردە. دەتوانێت کاتی مامۆستایان ئازاد بکات تا زیاتر گرنگی بە قوتابییەکان بدەن و ڕوونییان پێ بدات کە پۆلەکە لە کوێدا کێشەی هەیە. بۆ قوتابییانیش، وەک مامۆستایەکی تایبەتی کار دەکات؛ ڕێگە نادات قوتابی بە ئاسانی وەڵامەکان بەدەست بهێنێت، بەڵکو یارمەتیی دەدات تا خۆی بیر بکاتەوە و بگاتە وەڵامەکە، کە پێی دەوترێت "تێکۆشانی بەرهەمدار".
پێکەوە، ئەم پێشکەوتنانە دەتوانن ژیانی ڕۆژانە ئاسانتر و هەرزانتر بکەن و کۆتایی بەو سنوورداربوونە بهێنن کە بەهۆی کەمیی داهاتەوە دروست دەبێت. ژیریی دەستکرد هێزی پسپۆڕان دەداتە دەست تاکەکان و بزنسە بچووکەکان، یارمەتیی کەسانی خاوەنپێداویستیی تایبەت دەدات سەربەخۆتر بژین، و دەبێتە هۆی ئەوەی بیرۆکەی باش زۆر خێراتر جێبەجێ بکرێت.
لە هەمووی گرنگتر، دەتوانێت ئەو کاتە بگەڕێنێتەوە بۆ خەڵک کە ئێستا بەهۆی کاغەزکاری و فۆڕمی بیرۆکراسییەوە بەهەدەر دەچێت. ئەگەرچی ڕەنگە ئەم سوودە سەرەتا بچووک دەربکەوێت، بەڵام کاتێک لێک دەدرێتەوە لەسەر ملیۆنان ژیان، کاریگەرییەکەی قووڵ دەبێت: خەڵک ئامۆژگاریی باشیان دەست دەکەوێت، و ئازادیی زیاتریان دەبێت بۆ ئەوەی سەرنج بدەنە سەر ئەو ژیانەی دەیانەوێت.
لە تەواوی ئەم بوارانەدا، وشەی سەرەکی بریتییە لە "دەتوانێت"—ژیریی دەستکرد دەتوانێت ژیان باشتر بکات، بەڵام بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ئەمە ناکات. وەک هەر تەکنۆلۆژیایەکی تر، دەبێت زۆر ئاگادار بین کە سوودەکانی تەنیا بۆ دەوڵەمەندەکان نەبێت و بە هەمووان بگات. ئەمەش پێویستی بەوەیە حکوومەت و ڕێکخراوە خێرخوازییەکان ڕۆڵێکی بەهێز بگێڕن.
دامەزراوەی گەیتس نزیکەی ٢٠٠ ملیار دۆلاری لە بەردەستدایە بۆ خەرجکردن. ژیریی دەستکرد یارمەتیدەرمان دەبێت بۆ خێراکردنی دۆزینەوەی ڤاکسین بۆ نەخۆشییەکانی وەک ئایدز، سیل و مەلاریا. ئامانجی دامەزراوەکەمان ئەوەیە ڕێژەی مردنی منداڵان بۆ نیوە کەم بکەینەوە. لە ڕاپۆرتی ساڵانەی (Goalkeepers)دا زیاتر لەسەر ئەمە دەنووسم، بە تایبەتیش لەسەر ئەوەی چۆن مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد دەبێت بە زمانی هەموو گەلان بەردەست بن، نەک تەنیا زمانی وڵاتە دەوڵەمەندەکان. زۆرێک لە کۆمپانیاکانی وەک OpenAI، Anthropic، Google و Microsoft هاوبەشیمان لەگەڵ دەکەن لەم بوارەدا.
جیهان پێویستی بە پلانێک هەیە.
زۆر باشە کە هەندێک کۆمپانیای ژیریی دەستکرد پێشنیاری چارەسەر دەکەن بۆ ئەو کێشانەی دروستیان کردووە، بەڵام نابێت چاوەڕێ بکەین ئەوان سەرکردایەتیی ئەمە بکەن. لە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیدا ئەوە ڕۆڵی ئەوان نییە بڕیار لەسەر ئەم شتانە بدەن. لەبری ئەوە، چارەسەرەکان دەبێت لە ڕێگەی پڕۆسەیەکی دیموکراتییەوە داڕێژرێن کە تێیدا سیاسەتمەداران، پەروەردەکاران، سەرکردە ئایینییەکان و کۆمەڵگە بەشداری بکەن.
ملیۆنان خەڵک ژیانیان تێک دەچێت، و ئێمە پێویستمان بە تۆڕێکی پاراستنی کۆمەڵایەتیی بەهێزتر دەبێت بۆ یارمەتیدانیان. بەبێ چارەسەرێکی گشتگیر، هەندێک گرووپ داوای ڕاگرتنی تەواوەتیی ژیریی دەستکرد دەکەن.
سەرکردە ئایینییەکان دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕن لەوەی بیرمان بهێننەوە مرۆڤبوون واتای چییە لە سەردەمێکدا کە ئامێرەکان لە ئێمە باشتر بیر دەکەنەوە. پاپا فرانکیسکۆس نامەیەکی گرنگی لەم بارەیەوە بڵاو کردووەتەوە کە بنەمایەکی بەهێزی بۆ ئەمە داناوە.
لە مانگەکانی داهاتوودا بیرۆکەی زیاتر بڵاو دەکەمەوە، بەڵام لێرەدا سێ پێشنیاری سەرەکی دەخەمە ڕوو بۆ دەستپێک:
١. بونیادنانی سیستەمێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی ئەم گواستنەوەیە:
ئەرکی هەرە لەپێشینە، دروستکردنی چوارچێوەیەکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییە. دامەزراوەکانی ئێستا بۆ بەڕێوەبردنی تەکنۆلۆژیایەکی وا خێرا دروست نەکراون. دوای هێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەر، ئەمریکا گەورەترین ڕێکخستنەوەی لە دەزگاکانیدا کرد تەنیا بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی. ژیریی دەستکرد پێویستی بە گۆڕانکارییەکی زۆر گەورەتر هەیە، چونکە کاریگەریی لەسەر پەروەردە، ئاسایش، ئابووری، تەندروستی، و هەڵبژاردنەکان هەیە.
پێویستمان بە ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتیی نوێیە کە تایبەتمەندییەکانی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆم، ڕێکخراوی فڕۆکەوانی و ڕێککەوتنەکانی پاراستنی ژینگەی تێدا کۆ کرابێتەوە. نابێت خاو بجووڵێین، دەبێت هەر ئێستا وڵاتان (بە تایبەت ئەمریکا و چین) دەست بە دانانی ڕێسای هاوبەش بکەن پێش ئەوەی قەیرانەکە ڕوو بدات.
٢. دیاریکردنی هەندێک کار تەنیا بۆ مرۆڤ (Human Reserved):
کاتێک باوکم لە ساڵی ٢٠٢٠دا بەهۆی ئەلزەهایمەرەوە کۆچی دوایی کرد، ئەو چاودێرانەی ئاگاداری بوون پڕ بوون لە سۆز و میهرەبانیی مرۆڤانە کە هیچ ڕۆبۆتێک نەیدەتوانی ئەو کارە بکات.
من بڕوام وایە دەبێت یاسا هەندێک کار بە تەواوی بۆ مرۆڤ بپارێزێت؛ وەک چۆن ناوچە سروشتییەکان دەپارێزین و ڕێگە نادەین تێیاندا بینا دروست بکرێت. دەکرێت بۆ هۆکاری ئابووری بێت؛ بۆ نموونە مرۆڤێکی تەمەن ٥٥ ساڵ کە تەواوی ژیانی لە بیناسازیدا بووە، ناتوانێت لەپڕ ببێتە چاودێری بەساڵاچووان. یان بۆ هۆکاری ئەخلاقی بێت؛ بۆ نموونە پێدانی هەواڵی نەخۆشییەکی کوشندە بە نەخۆشێک، هەرگیز نابێت لەلایەن ڕۆبۆتەوە بدرێت.
بێگومان هێڵەکان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر دەگۆڕێن. بۆ نموونە ژاپۆن کە کێشەی کەمیی گەنجانی هەیە بۆ چاودێریی بەساڵاچووان، ڕەنگە پێشوازی لە ڕۆبۆت بکات. ئەمە پرسیاری زۆر دروست دەکات: کێ ئەم بڕیارانە دەدات؟ چۆن ڕێگری لە کۆمپانیاکان بکەین لە فێڵکردن؟ ئەمانە بەشێکن لەو پلانەی دەبێت کاری لەسەر بکەین.
٣. هاوسەنگکردنەوەی چۆنیەتیی باجدان لەسەر کار و سەرمایە:
کاتێک ڕۆبۆتێک جێگەی مرۆڤێک دەگرێتەوە، باجی داهات کەم دەکات و حکوومەت پارەی پێویستی نابێت. من بڕوام وایە پێویستە باج بخرێتە سەر ڕۆبۆت و توکنەکانی ژیریی دەستکرد. لە ئێستادا ئەگەر کۆمپانیایەک ڕۆبۆتێک بکڕێت، دەتوانێت وەک خەرجی، لێخۆشبوونی باجی بۆ بکرێت، ئەمەش هانیان دەدات خەڵک دەربکەن!
بە سەپاندنی ئەم باجە، پڕۆسەی لەکاردەرکردنی خەڵک کەمێک خاوتر دەبێتەوە و پارەیەکی زۆریش کۆ دەبێتەوە بۆ ڕاهێنانەوەی ئەو کەسانەی کارەکانیان لە دەست داوە و باشترکردنی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی. هەرچەندە ڕەخنەگران دەڵێن ئەمە لە ڕووی ئابوورییەوە کارا نییە، بەڵام سەقامگیریی کۆمەڵگە شایەنی ئەوەیە.
ئەوەی من دەیکەم:
من تەواوی کات و دەنگم بۆ هۆشیارکردنەوەی جیهان لەم بابەتە تەرخان کردووە. لە واشنتۆن و لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان باسی دەکەم. لەگەڵ کۆمپانیاکانی ژیریی دەستکرد لە گفتوگۆدام بۆ دانانی چوارچێوەی نێودەوڵەتی.
پەیامم بۆ سەرکردەکان ئەوەیە:
ئێوە دەرفەتتان هەیە هەر ئێستا هەنگاو بنێن، پێش ئەوەی بێکاری بەرز ببێتەوە و متمانەی گشتی داڕمێت. دەتوانن دڵنیا بن ژیریی دەستکرد سوود بە هەمووان دەگەیەنێت.
لە کۆتاییدا، هەوڵ دەدەم بازنەی گفتوگۆکان فراوان بکەین؛ دەبێت خوێندکاران، مامۆستایان، دایک و باوکان، سەرکردە ئایینییەکان و کۆمەڵگە بەگشتی بەشدار بن
لەم بڕیاردانەدا، چونکە ئەوانن کە ئازاری ڕاستەقینەی گواستنەوەکە دەچێژن.
ئەم تەکنۆلۆژیا بێپێشینەیە پێویستی بە وەڵامدانەوەیەکی جیهانیی بێپێشینەیە. ئەگەر بە دروستی مامەڵەی لەگەڵدا بکەین، پاداشتەکەی بۆ مرۆڤایەتی سەرسوڕهێنەر دەبێت و جیهان دەبێتە شوێنێکی زۆر یەکسانتر.
سەرچاوە: Gate Notes
بیل گەیتس : گەورەترین شۆک بۆ کارمەندان کاتێک ڕوو دەدات کە ژیریی دەستکرد بتوانێت بەبێ هەڵە کار بکات.