ئەم ڕۆژانە سکانداڵێکی گەورە ناوەندی ئەدەبیی فەرەنسا و جیهانی هەژاندووە. نووسەری هایتیی-کەنەدی «تێلیزۆن ئۆریلیەن» بەوە تۆمەتبار دەکرێت یەکەم ڕۆمانی پڕفرۆشی خۆی بە یارمەتیی ژیریی دەستکرد نووسیبێت، لە کاتێکدا کتێبەکە پێشوازییەکی بێوێنەی لێ کراوە و کاندیدێکی سەرەکیی خەڵاتە گەورەکانی بە نموونەی خەڵاتی گۆنکۆر بووە.
سەرکەوتن و دەنگدانەوەی بێوێنەی ڕۆمانەکە:
ڕۆمانی (C'était ça ou mourir) کوردییەکەی «ئەوە بوو یان مردن» لە ١٩ی ئابی ٢٠٢٦ لەلایەن دەزگای ناسراوی چاپ و پەخشی (Grasset) بڵاو کرایەوە. چیرۆکەکەی باس لە مامۆستایەک دەکات بە ناوی «جۆناس دۆرلیۆن»، مامۆستاکە لە دەست توندوتیژی و شەڕی باندەکان لە هایتی پەڕاگەندە دەبێت و لە کەنەدا دەگیرسێتەوە. کتێبەکە پێش ئەم هەڵا و مشتومڕە، توانیبووی خەڵاتەکانی (Prix Méduse) و (Prix du Roman Fnac) بەدەست بهێنێت و یەکێک بوو لە کاندیدە دیارەکانی خەڵاتی ناسراوی گۆنکۆر.
سەرچاوەی تۆمەتەکان:
ئەم کێشەیە کاتێک دەستی پێ کرد کە ئەکاونتێکی نەناسراو لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (X) بانگەشەی ئەوەی کرد کتێبەکە سەرلەبەری بە ژیریی دەستکرد نووسراوە. ئەکاونتەکە له ڕێی بەرنامەیەکی بنکۆڵکردن بە ناوی (Pangram) دەیسەلماند ڕۆمانەکە بەرهەمی نووسەرەکە نا، بەڵکوو ژیریی دەستکردە . سەرەڕای بەدواداچوونی ڕۆژنامەی (Le Monde)، هێشتا ناسنامەی خاوەنی ئەو ئەکاونتە نەناسراوە، ئەمەش جیهانی ئەدەبی بەسەر دوو بەرەی جیاواز و دژبەیەک دابەش کردووە سەبارەت بە درووستی و نادرووستی ئەم تەکنەلۆژیا نوێیه.
بەرگریی توند لەلایەن نووسەر و دەزگای چاپەوە:
تێلیزۆن ئۆریلیەنی تەمەن ٣٨ ساڵ سەرجەم تۆمەتەکان بە توندی رەت دەکاتەوە و بە ڕۆژنامەی (Libération)ی ڕاگەیاندووە لە دۆخەکە نیگەرانە و زۆر توڕەیە لەم تۆمەتە بێبنەمایانە. هاوکات، دەزگای چاپ و پەخشی (Grasset) گومان دەخاتە سەر هێرشە ناڕوونەکان و پرسیار ئەوە دەکات کە ئایا ئەمە پیلانێک یان کێبڕکێیەکی پیسی بازاڕی ئەدەبی نییە بۆ ناشرینکردنی ناوبانگی نووسەرەکە؟
سەرچاوە: Deutschland Funk Kultur
سکانداڵێکی گەورەی ئەدەبی؛ ژیریی دەستکرد دەبێتە براوەی خەڵاتە ئەدەبیەکان!