لە سۆشیاڵ میدیای کوردیدا، شەپۆلێکی نوێ لە ئابڕووچوون و بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆ و دەنگی نەشیاوی کەسایەتییە جیاوازەکانی ناو کایەی ئایینی، ئەکادیمی و سێکتەرە داراییەکان شەقامی هەژاندووە. بەڵام ئەوەی لەم قۆناغەدا جێگەی سەرنجە، دروستبوونی هێڵێکی بەرگریی تاقانەیە کە هەموو تێوەگلاوان وەک یەک دەستەواژە بەکاری دەهێنن: "ئەمە من نیم، ئەمە ژیریی دەستکردە!"
ڕاستییەکەی، کاتێک بە قووڵی لەم هاوکێشەیە دەڕوانیت، دەبینیت تەکنەلۆژیا نەبووەتە چەکێک دژی ئەوان، بەڵکو ئەوان تەکنەلۆژیایان کردووە بە قەڵغانێک بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان، سپیکردنەوەی لادانەکان و خۆدزینەوە لە سزای کۆمەڵایەتی و یاسایی.
کۆدی نوێی خۆدەربازکردن: بڵێ "ژیریی دەستکردو" و ڕزگارت دەبێت!
لە ڕابردوودا، کاتێک بەرپرس یان کەسایەتییەکی خاوەن پێگە لە کەیسێکی لەم جۆرەدا تێوەدەگلا، یان بێدەنگی هەڵدەبژارد یان لەبەرچاو ون دەبوو. بەڵام لە مۆدێلی ئێستادا، "ژیریی دەستکرد" بووەتە باشترین و خێراترین حەشارگە.
ئەم کەسانە وا بیردەکەنەوە کە بەکارهێنانی دەستەواژەیەکی تەکنەلۆژیی ئاڵۆز لەبەردەم ڕای گشتیدا، دەبێتە هۆی دروستکردنی تەمومژ و گومان، بەو هیوایەی خەڵکی بڵێن: "کێ دەزانێ، بەخوا دەڵێن ژیریی دەستکرد هەموو شتێک دەکات!" ئەمە فێڵێکی دەروونیی هۆشیارانەیە بۆ گۆڕینی ئاراستەی تاوانەکە لەسەر شانی خۆیان بۆ سەر شانی ئامێرە بێگیانەکان، لە کاتێکدا ڕاستی شتەکە زۆر لەوە ڕوونترە کە بەم فێڵانە دابپۆشرێت.
بۆچی ناتوانن لە پشت "دیپفەیک"ـەوە خۆیان بشارنەوە؟
هەر کەسێک کەمێک شارەزایی لە دنیای بەرهەمهێنانی ژیریی دەستکرد (Generative AI) و پرۆسەی دروستکردنی دەنگ و ڤیدیۆدا هەبێت، دەزانێت کە چەند هۆکارێک هەن ڕاستی و دروستی ئەم تۆمارانە دەسەلمێنن و درۆی ئەم پاساوانە ئاشکرا دەکەن:
زمان و زاراوەی کوردی: دروستکردنی دەنگێکی سێکسی یان ڤیدیۆیەکی درێژ بە زمانی کوردی (بەتایبەت بە زاراوە و شێوەزاری ناوخۆیی، لەگەڵ ڕەچاوکردنی هەموو ئینتۆنەیشن و هەستە دەنگییەکان لە کاتی پەرۆشیدا) کارێک نییە بە یەک کلیک لە ئەپێکی مۆبایلدا بکرێت. ژیریی دەستکرد هێشتا لە زمانی کوردیدا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە بەرزەی بتوانێت بەم شێوە سروشتییە دایبڕێژێت.
جووڵە و ژینگەی ڤیدیۆیی: ناوەڕۆکی ڤیدیۆکان، کارلێکی جەستەیی لەگەڵ دەوروبەر، و گۆشەکانی کامێرا لەم کەیسە نوێیانەدا، نیشانەی ڕوونی واقیعین، نەک فیلتەرێکی دەستکاری کراو کە تەنها دەموچاو بگۆڕێت.
درێژی و وردەکاریی دەنگەکان: تۆمارکردنی دەنگی درێژ بە وردەکاریی هەناسەبڕکێ و گۆڕانی تۆنەکان، زۆر دوورە لەو دەنگە ڕۆبۆتی و پچڕپچڕانەی کە ئامرازەکانی ئێستای ژیریی دەستکرد بەرهەمی دەهێنن.
مەترسییە گەورەکە
مەترسیی گەورە تەنها لادانی ئەخلاقیی ئەم کەسانە نییە، بەڵکو داتەپینی بەهاکانە کاتێک کەسێک لە پێگەیەکی بڕیاربەدەست یان کاریگەرەوە، نەک هەر تەسلیمی ئارەزووەکانی دەبێت، بەڵکو دوای ئاشکرابوونیشی بە درۆیەکی تەکنەلۆژیی گەورە سووکایەتی بە عەقڵی کۆمەڵگەکەش دەکات.
کاتێک ڕێگە دەدرێت ئەم پاساوە سادە و بێ بنەمایە بەبێ لێپێچینەوەی توندی زانستی تێپەڕێت، دەرگا بۆ هەموو گەندەڵکارێک دەکرێتەوە کە لە داهاتوودا هەر تاوانێک بکات، زۆر بە سادەیی پەنجە بۆ شاشەی کۆمپیوتەرێک ڕاکێشێت و بڵێت: "ئەوە فۆتۆشۆپ و ئەی ئایە!"
بەرەو کوێ؟
ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم شەپۆلە تەنها بە گومانکردن چارەسەر ناکرێت. کۆمەڵگە پێویستی بە هۆشیارییەکی دیجیتاڵی قووڵتر هەیە بۆ تێگەیشتن لە سروشتی تەکنەلۆژیاکان. لە هەمان کاتدا، دەزگا یاسایی و لێکۆڵینەوەکان دەبێت پشت بە شارەزایانی تەکنەلۆژی و ئامرازە پێشکەوتووەکانی پشکنین (AI Detection Tools) ببەستن بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەم کەیسانە بە بەڵگەی زانستی. نابێت ڕێگە بدرێت ژیریی دەستکرد ببێتە پەردەیەک بۆ داپۆشینی لادانەکان.
"من نەبووم، ژیریی دەستکرد بوو!"